زانیاری دەربارەی ژیانی دیگۆ جۆتا

PM:04:06:03/07/2025

780 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەموو دەستپێکێک کۆتایی هەیە کۆتایی مرۆڤەکانیش مردنە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی ناخۆش لە جیهانی تۆپی پێدا ڕوویدا و ئەستێرەی پورتوگالی دیگۆ جۆتا کۆچی دواییکرد.

جۆتا لەگەڵ براکەی بەمەبەستی بەسەربردنی پشووەکانیان گەشتی وڵاتی ئیسپانیان کردبوو، بەڵام پاش تووشبوونیان بەڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ و سوتانی ئوتومۆبیلەکەیان هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.

ئەستێرە پورتوگالییەکە لە بەهاری 28 ساڵەی تەمەنیدا بوو کاتێک لە چوار دیسمبەری 1996 لە پۆرتۆی وڵاتەکەی لەدایک بوو پاشان لە سێی ئەم مانگەشدا لە شاری زامۆرای ئیسپانیا چیرۆکی ژیانی یاریزانەکە کۆتایی هات.

دیگۆ جۆتا 11 رۆژ پێش ئێستا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و لەسەر وێنەی هاوسەرگرییەکی نوسیوێتی ئێستا بەختەوەرترین پیاوی جیهانە، چونکە خەونەکەی هاتووەتەدی بەڵام بێ ئاگابوو لەوەی ئەم بەختەوەرییە ماوەکەی تەنها چەند رۆژێکی دیاریکراوە.

دیگۆ لە یانەی گۆندۆماری وڵاتەکەی دەستی کردووە بە یاری تۆپی پێ و یاری بۆ گرنگترین یانەکانی پۆرتۆ و ئەتلەتیکۆ مەدرید و وڵڤەرهامتۆن و لیڤەرپوڵ کردووە و لەهەمان کاتدا سەرجەم ئاستەکانی هەڵبژاردەی پورتوگالی تێپەڕاندووە.

جۆتا لە کاروانی یاریکردنیدا حەوت نازناوی بە کۆمەڵەی بەدەست هێناوە و کۆتا نازناویش بەدەستی هێنا بردنەوەی نازناوی نەیشنزلیگ بوو لەگەڵ وڵاتەکەی.