پاریس یان ئارسناڵ، کامیان دەگەن بە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ؟

PM:03:43:06/05/2025

588 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ، کە گەورەترین پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی ئەوروپا لە قۆناغی پێش کۆتاییدایە و چوارشەممە کۆتا یانەی گەیشتوو بە یاریی کۆتایی یەکلادەبێتەوە.

لە کاتژمێر 10ی شەوی چوارشەممە، یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی دەکات.

پاریس بەهۆی ئەوەی لە یاری چووندا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێناوە، لەم یارییەدا بە هەموو بردنەوە و یەکسانبونێک دەگاتە یاری کۆتایی و لە ئەگەری شکست بە جیاوازی گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان هەمان ئامانج بەدیدەهێنێت، بەڵام لە ئەگەری شکست بە جیاوازی دوو گۆڵ یان زیاتر ماڵئاواییدەکات.

یانە فەرەنسییەکە بە راهێنەرایەتی لویس ئینریکی ئیسپانی لەم وەرزەدا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوتوون و ئامانجیان ئەوەیە بگەن بە یاریی کۆتایی و بۆ یەکەمجاریش لە مێژوویاندا نازناوەکە بەدەستبهێنن.

لە بەرامبەردا، ئارسناڵ لەم یارییەدا ئەرکی ئاسان نابێت و بە هەموو یەکسانبوون و شکستێک ماڵئاواییدەکات، تەنانەت بە بردنەوە بە جیاوازی گۆڵێک و شکست بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان ماڵئاواییدەکات، بەڵام بە بردنەوە بە جیاوازی دوو گۆڵ یان زیاتر وە بردنەوە بە جیاوازی گۆڵێک و دواتر بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان گەیشتن بە یاریی کۆتایی مسۆگەر دەکات.

یانە لەندەنییەکە دوای ئەوەی لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا توانی لە هەردوو یارییەکەدا بردنەوە بەسەر ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بەدەستبهێنێت، هاندەرانی ئەو یانەیە متمانەیەکی زۆریان بە یانەکەیان بۆ دروستبوو کە بتوانێت لەم وەرزەی پاڵەوانێتییەکەدا نازناوەکە ببەنەوە.

ئەو دوو یانەیە لە مێژوویاندا شەش جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، ئارسناڵ دوو بردنەوەی هەیە و حەوت گۆڵی تۆمارکردووە بەرامبەر یەک بردنەوەی پاریس سان جێرمان کە پێنج گۆڵی تۆمارکردووە، لە سێ یاریشدا یەکسانبوون.

لە ئێستادا هاندەرانی تۆپی پێ چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە کام لەو دوو یانەیە دەگات بە یاری کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ تا بتوانێت بۆ یەکەمجار لە نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنێت و مێژوویەکی گەورە بنوسێتەوە.

خ . ک