خلێفی پۆستێکی گرنگ وەردەگرێت

PM:03:47:29/03/2025

152 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خلێفی دەیەوێت خۆی بەربژێر بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنی جیهان ناسراو بە فیفا.

ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سان جێرمان دەیەوێت سنوری دەسەڵاتەکانی لە تۆپی پێدا فروان بکات و تەنها وەک سەرۆک یانەیەک نەمێنێتەوە بەڵکوو ببێتە یەکێک لەو کەسانەی تۆپی پێی جیهان بەڕێوەدەبەن.

زەئەتلەتیک بلاویکردووەتەوە ناسر خلێفی دەیەوێت خۆی بەربژێر بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهان.

سەرچاوەکە بڵاویکردووەتەوە خلێفی تاوەکوو ئێستا بەفەرمی خۆی کاندید نەکردووە، بەڵام نزیکەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بیرۆکەیەکی لەو شێوەیەی هەیە.

لە ئێستادا جانی ئیڤانتینیۆ سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهانە و ماوەی نۆ ساڵە لەو پۆستەدا بەردەوامە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ناسر خلێفی دەیەوێت پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا و ئەوروپا بەکاربهێنێت و کارئاسانی بۆبکەن لەوەرگرتنی ئەو ئەرکەدا.

ناسر خلێفی یەکێکە لەو کەسایەتیانەی لە دژی سۆپەرلیگ و پێرێز و لاپۆرتا کاری دەکرد و پاش شکست پێهێنانی ئەو پرۆژەیە ئەو سەرۆکە قەتەرییە لای بەرپرسانی فیفا و یۆفا متمانەی زیاتری بەدەستهێنا.