AM:05:20:26/03/2025
6312 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال ئەرجەنتین گۆڵبارانی
بەڕازیلی کرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێی بردەوە و سەرکەوتنی بۆ جامی جیهانیی 2026 مسۆگەر کرد.
لە پاڵاوتنی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشور بۆ گەیشتن بە
مۆندیالی 2026، یاریگای مۆنۆمێنتاڵ میوانداری ئێل
کلاسیکۆی نێوان ئەرجەنتین و بەڕازیلی کرد، بەڵام یارییەکە بەبێ مێسی و نەیمار بەڕێوەچوو کە هەردووکیان بەهۆی پێکان لە لیستی هەڵبژاردەکانیان
دوورخرابوونەوە.
تایمی یەکەم، لە سەرەتاوە تانگۆ بە دوو گۆڵ لە
خولەکەکانی چوار و 12 دابارییە سەر سامبا، گۆڵەکانیش ئەلڤارێز و ئینزۆ فێرناندێز
تۆماریان کرد، بەڵام لە خولەکی 26 کونیا ئەنجامەکەی لە سودی بەڕازیل بۆ گۆڵێک
کەمکردەوە.
ئەو گۆڵەی بەڕازیل گڕوتینی زیاتری بە یاریزانانی
ئەرجەنتین بەخشی و ماک ئەلیستەر لە خولەکی 37 گۆڵی سێیەمیشی تۆمارکرد، نیوەی
یەکەمیش بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە تایمی دووەمدا، ئەرجەنتین بەهێزتر دەرکەوت و بە تەواوی
کۆنترۆڵی یاریگای کرد، بەو هۆیەوە لە خولەکی 70 جولیانۆ سیمیۆنی تەنیا سێ خولەک
دوای هاتنە ناوەوەی گۆڵی چوارەمی تانگۆی هێنایە بەرهەم، تا کۆتاییش یارییەکە بەو
ئەنجامە مایەوە.
سەرەنجام چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بووە ناونیشانی
کۆتایی یارییەکە، ئەرجەنتین خاڵەکانی بۆ 31 خاڵ بەرزکردەوە و سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر کرد، بەڕازیلیش لە پلەی چوارەمە بە 21 خاڵ.
بیلال کاکە