كورەكەی مارادۆنا: باوكم كوژراوە

PM:10:39:25/03/2025

268 جار خوێندراوەتەوە

+ -

كورەكەی مارادۆنا دوپاتیكردەوە باوكی بەهۆی كەمتەرخەمی پزیشكەكانەوە كۆچی دوایكردووە.

دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا سینیگرا، تاکە کوڕی مارادۆنا، ​​لە بەرنامەی ئێل چیرینگیتۆ کە جۆزێپ پێدرێرۆل میوانداری دەکات، باسی لەو دادگاییکردنە کرد کە لە ئەرجەنتین سەبارەت بە مردنی باوکی بەڕێوەدەچێت.

مارادۆنا سینیگرا کە لەم وەرزەدا وەک ڕاهێنەری یانەی یو دی ئیبارا لە خولی پلە سێی تۆپی پێی ئیسپانیا كارەدەكات، دەڵێت: من بەدواداچوون بۆ دادگاییکردنەکە دەکەم سەبارەت بە مردنی باوکم و ئەمە کاتێکی زۆر ئاڵۆزە بۆ هەموومان، ڕۆژانی سەختمان لە پێشە، بەڵام ئامادەین.

دیێگۆ مارادۆنا جونیۆر کە لە 20 ئەیلوولی 1986 لە شاری ناپۆلی لەدایکبووە و ئەستێرەی تۆپی پێی کەنار دەریا بووە، پشتگیری لەو تیۆرییە دەکات کە لەلایەن پارێزەر فێرناندۆ بۆرلاندۆوە خراوەتەڕوو، ئەو پارێزەرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە مارادۆنا لە ژێر پلانێکی نامرۆڤانەدا کوژراوە لەنێو ماڵەكەی خۆیدا.

مارادۆنای بچووك باسی لەوەشكرد، ئەوەی بۆ ئەوان روونە باوكی بەپێی پێویست گرنگی پێنەدراوە، وە پێدەچێت هیچ هەنگاوێك بۆ رزگاركردنی نەدرابێت، ئەگەر پزیشكەكانی ئەو كارەیان كردبایە ئەوە باوكی زیندوو دەبوو.

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، پێیوایە پزیشكەكان كارەكانیان بەباشی ئەنجامنەداوە و تەنیا پارەكانی باوكیان بردووە و لێیگەڕان كۆچی دوایی بكات.