PM:03:14:03/03/2025
672 جار خوێندراوەتەوە
+
-
یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ لە قۆناغی 16دایە و ئەم هەفتەیە چەند
یارییەکی چوونی ئەو قۆناغە ئەنجامدەدرێن.
شەوی سێشەممە لە یارییەکانی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ چوار یاری
بەڕێوەدەچن و بەهێزترینیان دێربی مەدریدە لە نێوان ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید
لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا نۆ جار رووبەڕووی
یەکبونەتەوە، یانەی شاهانە لە شەش یاریدا براوە بووە و 19 گۆڵی تۆمارکردووە،
ئەتلەتیکۆش دوو بردنەوەی هەیە و 10 گۆڵی کردووە، لە یەک یاریشدا یەکسانبوون.
ریاڵ مەدرید لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا تا ئێستا 10 یاری ئەنجامداوە، حەوت
بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە سێ یاریشدا تووشی شکستبووە، 26 گۆڵی تۆمارکردووە و 15
گۆڵی لێکراوە.
لە بەرامبەردا، ئەتلەتیکۆ مەدرید هەشت یاری ئەنجامداوە و شەش بردنەوە و دوو
شکستی هەبووە و لە هیچ یارییەکەدا یەکسان نەبووە، 20 گۆڵی تۆمارکردووە و 12 گۆڵی
لێ تۆمارکراوە.
ئەم یارییە جەنگی نێوان دوو راهێنەرە کە ئەوانیش کارلۆ ئەنچیلۆتی و دێگۆ
سیمیۆنین، بە شێوەیەک لە رابردوودا لە 26 یاریدا رووبەڕووی یەکبونەتەوە،
هەریەکەیان لە نۆ یاریدا بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە هەشت یاریشدا یەکسانبوون.
لە هەمان شەودا، یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی لەدەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی
یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەبێتەوە.
ئارسناڵ لە مێژوویدا 10 جار رووبەڕووی ئایندهۆڤن بووەتەوە لەسەرجەم
پاڵەوانێتییەکاندا، 4 بردنەوەی هەبووە و 13 گۆڵی تۆمارکردووە بەرامبەر دوو بردنەوە
و شەش گۆڵی ئایندهۆڤن، لە چوار یاریشدا یەکسانبوون.
لە یارییەکانی تریشدا، یانەی بوروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی میوانداری لیلی
فەرەنسی دەکات و دەیەوێت بە ئەنجامێکی باشەوە بچێتە یاری گەڕانەوە، یانەی ئەستۆن
ڤێلای ئینگلیزیش لەدەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی کلوب بروجی بەلجیکی
دەبێتەوە.
خ . ک