PM:11:05:18/12/2024
76 جار خوێندراوەتەوە
+
-
پۆستیکۆگلو دوپاتیکردەوە گرنگی بە یاریزانی یانەکانی تر نادات و ئەمۆریمیش رایگەیاند راشفۆرد یاریزانی ئەوانە و دڵخۆشن بە بوونی.
پێش یارییەکەیان لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی کاراباو، ئانجی پۆستیکۆگلوی راهێنەری یانەی تۆتنهام رایگەیاند، یارییەکەیان بەهێزە و بەرامبەر یەکێک لە باشترینەکان یاریدەکەن کە راهێنەرێکی نوێیان هەیە.
پۆستیۆگلو لە وەڵامی پرسیاری بارودۆخی راشفۆرد و ئەگەری رۆیشتنی لە مانچستەر یونایتد دوپاتیکردەوە کە ئەوان هیچ گرنگی بەو بابەتانە و یاریزانی یانەکانی تر نادەن چونکە تەنها سەرنجیان لەسەر خۆیانە.
دەشڵێت، هاندەران هەندێک جار داوای دوورخستنەوەی من دەکەن بەڵام ئەوە شتێکی ئاساییە و لە تۆپی پێدا روودەدات، ئەوانیش ئازادن لەوەی کە چۆن بۆچونی خۆیان دەرببڕن.
لە بەرامبەردا رۆبن ئەمۆریمی راهێنەری مانچستەر یونایتد رایگەیاند،رووبەڕووبونەوەیەکی گرنگیان هەیە و پێویستە بە باشترین شێوە ئامادەبن.
لەسەر ئەگەری رۆیشتنی راشفۆرد لە یانەکەیان، ئەمۆریم وتی، ئەو یاریزانی ئێمەیە ، پێویستمان بە ئاستبەرزی ئەو یاریزانە هەیە و بوونی سودێکی زۆری هەیە بۆ یانەکەمان، دەشمەوێت بمێنێتەوە.
دوپاتیکردەوە کە ماسۆن ماونت بەهۆی ئەو پێکانەی کە تووشیبووە ناتوانێت بەشداری ئەم یارییە بکات، لە چەند رۆژی داهاتووشدا ئەو یاریزانە لە ژێر چاودێری ستافی پزیشکی یانەکەیاندا دەبێت.
خ . ک