نادال: ئامادەم بۆ کۆتا پاڵەوانێتیم

PM:07:41:17/11/2024

96 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نادال دوپاتیکردەوە بەباشی خۆی ئامادەکردووە بۆ کۆتا پاڵەوانێتی ژیانی وەرزشی خۆی.

ڕافایل نادال، یاریزانی تێنسی ئیسپانی و براوەی 22 گراند سلام، ئاستی ئامادەکارییەکانی بۆ قۆناغی کۆتایی جامی دەیڤس 2024 هەڵسەنگاند کە دەبێتە دواین پاڵەوانێتی ژیانی وەرزشی.

ڕافایل نادال وتی: کەم تا زۆر توانیم ئامادەکاریەکی باش بکەم و هەر بۆیە لێرەم، ڕاستییەکە ئەوەیە، دەمەوێت ئەم هەفتەیە تێپەڕێنم گرنگ نییە چی ڕوودەدات، بە هیوای تەواوکردنی قۆناغێکی زۆر جوان و درێژی ژیانم، دەبێت لە ساتدا بژین ئەویش بە سۆز و ئارامییەوەـ، وە ئەوەش بزانین کە هەموو شتێک سەرەتا و کۆتایی هەیە.

وتیشی: هەوڵ دەدەم تا دەتوانم بە باشترین شێوە ئامادەکاری بکەم بۆ ئەوەی لەبەردەستی دەیڤید فێرێری کاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بم و دواتر دەبینین بڕیاری چی دەدات، من دەمەوێت بە هەر شێوەیەک کە لە توانامدا بێت یارمەتی تیپەکە بدەم، یاری بکەم یان نا گرنگ نییە.

ڕافایل نادالی تەمەن 38 ساڵان ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو ڕایگەیاند، دوای یارییەکانی جامی دەیڤسی 2024 لە وڵاتەکەی کۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی دەهێنێت.

نادال چوار جار لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەم پاڵەوانێتیەی بەدەستهێناوە کە وا بڕیارە لە 19ی ئەم مانگە تا 24ی مانگ بەردەوام بێت.