خولی سعودیە.. نەسڕ لە یارییەکی دراماتیکی بردنەوەی بەدەستهێنا

PM:11:23:18/10/2024

128 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی سعودیە یانەی نەسڕ لە یارییەکی دراماتیکی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردنەوەی بەسەر شەباب بەدەستهێنا و هیلال لە فەیحای بردەوە.

لە یارییەکانی هەفتەی حەوتەمی خولی سعودیە، یانەی نەسڕ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی شەباب.

تایمی یەکەم، ئاستی هەردوولا لە یەکترەوە نزیکبوو، یارییەکەش مۆرکی هێرشبەری پێوە دیاربوو بەڵام گۆڵی تێیدا تۆمار نەکرا.

لە تایمی دووەم، یاریزانانی پیۆلی زەبری خۆیان وەشاند و لە خولەکی 69 لاپۆرت بە شێوەیەکی نایاب گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، بەڵام یانەی خاوەن یاریگا لە هەوڵەکانیان نەوەستان تا لە خولەکی 90 ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە بە گۆڵێکی هەڵەی عەلی حەسەن کە لە خۆیانی تۆمارکرد.

دوای ئەو گۆڵە ناوبژیوان شەش خولەکی کاتی زیادکراو هەژمارکرد، نەسڕیش دەستی بە هێرشبردن کرد و لە ئەنجامی لێدانێکی سزا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی یانەکەی پێ تۆمارکرد.

یارییەکە بەوەوە نەوەستا و راستەوخۆ دوای هێرشێکیان یانەی شەباب لێدانی سزایان بۆ هەژمار کراو محەممەد سیماکان لە یانەی نەسڕ بە کارتی سور کرایە دەرەوە.

دوور لە چاوەڕوانییەکان حەمدەڵا چووە سەر تۆپەکە و لێدانە سزاکەی لە ستونی گۆڵدا و لەدەستیدا، ئەنجامیش بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سودی نەسڕ کۆتایی هات.

نەسڕ لە خولەکەدا خاوەنی 17 خاڵە و بە کاتی پلەی دووەمی گرتووە، شەبابیش لە پلەی چوارەمە بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ.

بیلال کاکە