خولی ئیسپانیا کەسایەتییەکانی زیرەکی دەستکردنی ناساند

AM:09:42:18/10/2024

60 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خولی ئیسپانیا کەسایەتییەکانی زیرەکی دەستکردنی ناساند کە شیکردنەوەی گرنگترین یارییەکان دەکات.

رۆژی پێنجشەممە ئەلێکسی 27 ساڵان بە هاندەران و میدیاکان ناسێندرا، کە ئەم کەسایەتییە بە زیرەکی دەستکرد درووستکراوە، چالاکییەکە لە زە کوبی مەدرید بەڕێوەچوو و خافێر تیباس سەرۆکی لالیگا ئامادەی هەبوو، تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان لە هێنانی ئەم کەسایەتییە بریتییە لە پێشەنگ بوون لە بواری تەکنەلۆژیادا.

ئەلێکس لە سەرەتای بۆنەکەدا بە شێوەیەکی ئینتەرنێتی دەرکەوت و خۆی وەک گرێبەستی نوێی خولەکە ناساند، وە وتیشی: من هاتووم بۆ ئەوەی بەشێوەیەک ئەزموونی تۆپی پێ بکەم کە پێشتر ئەزموونم نەکردووە، دەمەوێت پێش هەموو یارییەک هەست بە گەرمگوڕی هەموو یاریگایەک بکەم، هاتووم تا ئەنجامەکان و باشترین یارییەکان و گرنگترین ڕووداو و ئامارەکان و هەموو وردەکارییەکتان پێ بڵێم، ئەوەی ئێوە دەیبینن من شیکاری دەکەم.

بە گوتەی سیلڤیا بیلاسکۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بی ئە لیۆن، ئەلێکس بە چەند زمانێک قسە دەکات، لەسەر زانیاری و گرینگترین شتەکانی تۆپی پێ ڕاهێنانی پێدەکرێت.

هەروەها تێباس ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێکردنی ئەم پڕۆژە نوێیە پەیوەندی بە لایەنی ئەخلاقییشەوە هەیە، چونکە کارەکتەرەکە سەر بە هیچ تیمێک نییە، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەلێکس دەتوانێت پێشبینی براوەی خولەکە بکات، ئاماژەی بەوەدا کە تەنها دەتوانێت پێت بڵێت کام تیپ زۆرترین چانسی هەیە.