PM:06:30:01/08/2024
492 جار خوێندراوەتەوە
+
-
یاسین دەڵێت هەرچەند پاسەوانی میسییە بەڵام وەک هاوڕێ وان پێکەوە و
یاریزانەکە زۆرکات ستایشی کردووە.
زۆربەی بینەرانی تۆپی پێ پاسەوانە تایبەتەکەی لیۆنێل مێسی دەناسن، کەسایەتییەک
کە لەو کاتەوەی لیۆ پەیوەندی بە ئینتەرمیامی کردووە بە ئامادەبوونی بەردەوام و
گرنگیدانی تایبەتی لە پاراستنی میسی، ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێت.
پاسەوانە تایبەتەکەی لیۆ ناوی یاسین شێخەوییە، لە ماوەی ڕابردوودا لە هێزی
دەریایی ئەمریکا خزمەتی کردووە و ئەو رەفتارانەی کە بۆ پاراستنی لیۆ نیشانی دەدات لەگەڵ
ڕووخسار و کەسایەتییەکەی وایکردووە ببێتە یەکێک لە ناوە بەناوبانگەکانی تۆپی پێ.
یاسین شێخەوی هەوڵ دەدات چاوپێکەوتن کەم بکات، بەڵام لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا
زانیاری سەرنجڕاکێشی دەربارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ مێسی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە
بە کردەوە بووەتە ئەندامی خێزانی لیۆ.
پاسەوانەکەی مێسی لەم چاوپێکەوتنەدا وتی: میسی من تەنیا وەک پاسەوانی نابینێت،
من یەکێکم لە هاوڕێکانی، پێکەوە چات دەکەین، پێدەکەنین، هەر ئەوەش وایکرد کەسایەتی
یەکتری بە باشی بناسین، لیۆ هەمیشە بانگهێشتم دەکات لەگەڵیدا کۆدەبینەوە و پێکەوە
نان دەخۆین و زۆر باش مامەڵەم لەگەڵ دەکات.
شێخەوی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: کاتێک لیۆ تۆپی ئاڵتوونی بردەوە پێکەوە
سواری فڕۆکە بووین و لیۆ وتی یاسین تۆپی زێڕینەکە بە دەستەوە بگرە، منیش وتم باشە
و بردم، سەرەتا پێم وابوو دەیەوێت تۆپەکە بخاتە شوێنێکی تر، بەڵام ویستی من دەستی
لێبدەم و هەستی پێبکەم.
ئەم پاسەوانە دڵخۆشی خۆی بەوە دەربڕی کە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لەلای
خێزانەکەی هەمیشە باسی دەکات و پێیانی وتووە یاسین باشترین پاسەوانی جیهانە.