PM:02:54:24/07/2024
420 جار خوێندراوەتەوە
+
-
هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بەشدارە لە
ئۆڵۆمپیادی 2024 کە لە پاریس بەڕێوەدەچێت دوای ئەوەی لە جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان
پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
تۆپی پێی عێراق ئەمە شەشەمین جارە بەشداری
دەکات لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد و پێشتر لە بەشداریکردنەکانیدا ئەنجامی چاوەڕوان
نەکراوی بەدەستهێناوە.
یەکەم بەشداریکردنی عێراق لە ئۆڵۆمپیادی
مۆسکۆی 1980دا بووە کە لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا لە کۆستاریکای بردووەتەوە و لەگەڵ
فنلەندا و یوگسلاڤیا یەکسانبووە بەڵام دواتر لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا
ماڵئاواییکردووە دوای ئەوەی بە ئەڵمانیای رۆژئاوا دۆڕاوە.
عێراق بۆ دووەمجار لە ساڵی 1984دا بەشداری
ئۆڵۆمپیادی کرد و بە یەک خاڵ لە قۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاواییکرد دوای یەکسانبوونی
لەگەڵ کەنەدا و دۆڕان بەرامبەر کامیرۆن و یوگسلافیا.
سێیەم بەشداریکردنی عێراق لە ئۆڵۆمپیادی
1988دا بووە کە لە کۆریای باشوور بەڕێوەچووە بەڵام لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا
ماڵئاواییکردووە و لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەیدا بووە بە بردنەوەیەک و یەکسانبونێک و
شکستێک.
باشترین ئەنجامی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق
لە چوارەم بەشداریکردنیدا بووە لە ئۆڵۆمپیادی 2004 کە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان
بەڕێوەچوو، عێراق لە قۆناغی کۆمەڵەکان بردنەوەی بەسەر پورتوگال بەدەستهێنا کە
کریستیانۆ رۆناڵدۆش یاری دەکرد لەو کاتەدا، جگە لەوەش لە کۆستاریکای بردەوە و بە
مەغریب دۆڕا.
ئۆڵۆمپی عێراق لە قۆناغی چارەکی کۆتایی
ئۆڵۆمپیادی 2004 بە گۆڵێک لە ئوسترالیای بردەوە و گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی بەڵام
لەم قۆناغەدا بە پاراگوای دۆڕا، دواتر پلەی چوارەمی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا
دوای ئەوەی لە یاری دیاریکردنی پلەی سێیەمدا بە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دۆڕا.
دوایین بەشداریکردنی عێراق لە ئۆڵۆمپیاد
لە ساڵی 2016دا بووە کە لە بەرازیل بەڕێوەچوو، عێراق لەو ئۆڵۆمپیادە لە کۆمەڵەی
بەرازیل و دانیمارک و ئەفریقای باشووردا بوو، هەر سێ یاریەکەی بە یەکسانبوون
کۆتایی پێهێنا و ماڵئاواییکرد.
ئێستا عێراق بۆ شەشەمین جار بەشداری لە
ئۆڵۆمپیاددا دەکات کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، هاندەران چاوەڕێی
ئەنجامێکی باش دەکەن بەهۆی بوونی چەند ئەستێرەیەک کە ئەوانیش ئەیمەن حسێن و عەلی
جاسم و ئیبراهیم بایش و یوسف ئەمینن.
خ . ک