دەمیراڵ بۆ دوو یاری رادەگیرێت

AM:11:15:05/07/2024

264 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانیەوە دەمیراڵ بۆ دوو یاری داهاتووی تورکیا لە یۆرۆ رادەگیرێت.

پاش ئەوەی مێریح دەمیراڵ لە یاری هەڵبژاردەکەی بەرامبەر نەمسا دوو گۆڵی تۆمارکرد و رۆڵێکی گەورەی گێرا لە گەیاندنی تورکیا بە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی یۆرۆ، یاریزانەکە بەهۆی ئاهەنگگێرانەکەیەوە بۆ دوو یاری رادەگرێت.

دەمیراڵ پاش گۆڵکردنی بە شێوازیک ئاهەنگی گێرا کە پێی دەوترێت، سڵاوی گورگ، ئەم شێوازەش پشتگیریکردنە لە گرووپی راستڕەوەکانی تورکیا، وە ئەم جۆرە سڵاوە لە وڵاتەکانی فەرەنسا و نەمسا قەدەغەکراوە و ئەو گرووپەش بە تووندڕەو ناودەبرێن، وە رێخراوی پاراستنی دەستوری ئەڵمانیش گرووپەکەی بە تووندڕەو ناساندووە.

لە ڕێساکانی سەلامەتی و ئاسایشی یوفاشدا هاتووە: ڕیکلامکردن یان ڕاگەیاندنی پەیامی سیاسی بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە، وە هەر کارێکی سیاسی دیکە لەناو یاریگاکان یان لە نزیکی یاریگاگان لە پێش یاری و لە کاتی یارییەکان و لەدوای یارییش بە توندی قەدەغەیە.

لەو بارەیەشەوە، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا دووپاتی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە و بەگوێرەی رۆژنامەی بیڵدیش، یاریزانەکە بۆ دوو یاری رادەگرێت، لەبەر ئەوەش دیمیراڵ بۆ یارییەکەی بەرامبەر هۆڵەندا لە بەرلین و هەروەها لە ئەگەری سەرکەوتنی تورکیا بۆ قۆناغی پێش کۆتایی ئامادەنابێت.