کلۆپ: ئیسپانیا بەربژێری یەکەمە بۆ بردنەوەی یۆرۆ

PM:10:30:02/07/2024

284 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کلۆپ پێیوایە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەربژێری یەکەمە بۆ بردنەوەی یۆرۆ و چەند هەڵبژاردەیەکی تریشی بە بەهێز ناوزەند کرد.

یۆرگن کلۆپ کە ئێستا لە مایۆرکا پشووەکانی بەسەردەبات پێیوایە هەڵبژاردەکانی، ئیسپانیا و ئەڵمانیا هاوشانی فەرەنسا و ئینگلتەرا پاڵێوراوی سەرەکین بۆ بردنەوەی یۆرۆی 2024.

لەو بارەیەوە کلۆپ وتی: لە ئێستادا پێدەچێت ئیسپانیا چانسێکی گەورەی هەبێت بۆ بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکە، ئەڵمانیا و فەرەنساش هەڵبژاردەیەکی بەهێزن، بەدڵنیاییەوە ئینگلتەرا لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئاستێکی باشتر پێشکەش دەکات.

جێگای سەرنجە کە هەینی داهاتوو دوو لە پاڵێوراوەکانی کلۆپ واتە ئەڵمانیا و ئیسپانیا لە قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆ ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، هەروەها فەرەنسا ڕووبەڕووی پورتوگال دەبێتەوە، ئینگلتەراش دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی سویسرا یاریبکات.

کلۆپ ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر کۆپا ئەمریکا بدات، کە هاوکات لەگەڵ یۆرۆ بەڕێوەدەچێت، باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ئەلیسۆنی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەڕازیل قسەی کردووە، بەڵام ناتوانێت هیچ لێدوانێک لەسەر پاڵەوانێتییەکە بدات.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە کە میوانی پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەوی مایۆرکا بوو، وتیشی: زۆر پێم خۆشە یاریزانێکم هەبێت کە عەقڵیەتی ڕۆجەر فێدرێر و ڕۆحی ڕافایل نادال و هێزی جەستەیی نۆڤاک جۆکۆڤیچی هەبێت.