گورزێک بەر چێڵسی کەوت: 62 ملیۆن یۆرۆ بۆ 32 خولەک

PM:07:06:28/03/2024

160 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لاڤیا بەهۆی پێکانەوە تا وەرزی داهاتوو ناگەڕێتەوە یاریگاکان و یاریزانەکە لەم وەرزەدا تەنیا بەشداری یەک یاری کردووە لەگەڵ چێڵسی.

لەوەتەی تۆد بۆلی خاوەندارێتی چێڵسی دەکات، دۆخی یانەکە بە باشی نەڕۆیشتووە، نە لە ناو یاریگا و نە لە دەرەوەی یاریگا، رۆمیۆ لاڤیای لاویش نوێترین کێشەی یانەکەیە.

یاریزانە بەلجیکییەکە لە هاویندا بە بڕی 62 ملیۆن یۆرۆ لە ساوسهامپتۆنەوە پەیوەندی بە یانە لەندەنییەکەوە کرد، لەم وەرزەدا تەنها 32 خولەک یاریی کردووە و بەهۆی پێکانیشەوە تا دەستپێکی وەرزی 2024-2025 ناگەڕێتەوە یاریگاکان.

چێڵسی لە پێگەی خۆیدا نووسیویەتی: هەڵسەنگاندنە پزیشکییەکانی ئەم دواییە پشتڕاستیان کردەوە کە لاڤیا کە لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس تووشی پێکان بووە لە ڕانیدا و ئەم وەرزە کۆتایی پێهاتووە بۆی.

ئەم بابەتە دەبێتە گورزێکی کوشندە بۆ خودی یاریزانەکە و یانەکەی، چونکە لاڤیا پێشتر بانگێشتی هەڵبژاردەی بەلجیکا کرا، بەڵام لە ئـێستادا وەرزەکە کۆتایی هاتووە بۆی و ماوەیەکی زۆر ناگەڕێتەوە یاریگاکان.

یاریزانەکەش نیگەرانی سەبارەت بەو بابەتە دەربڕی و لە تۆرێ کۆمەلایەتی ئینیستاگرام بابەتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بەڵام لەم وەرزەدا ناتوانێت بگەڕێتەوە یاریگاکان و زۆر نائومێدە سەبارەت بەو بابەتە، سوپاسی هەموو پشتگیری و رەخنەکانیشی کردووە و هیوای خواستووە بتوانیت بە زووی بگەڕێتەوە.