ئەنچیلۆتی: کۆرتوا ڕزگاری کردین

AM:09:00:16/09/2021

4064 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەنچیلۆتی دووپاتیکردەوە کۆرتوا ڕزگاریکردن و هۆکاری یارینەکردنی هازاردیشی بەرامبەر ئینتەرمیلان ئاشکراکرد.

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەى مارکای ئیسپانی، کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید ئاشکرایکرد، لە نیوەی یەکەمدا ئاستیان وەک پێویست نەبوو ڕووبەڕووی فشاری زۆری یاریزانی ئینتەرمیلان بوونەوە و کۆرتواش توانی ڕزگاریان بکات و ڕێگەنەدات تۆڕی گۆڵەکەى بهەژێنرێت.

ئەنچیلۆتی دووپاتیشیکردەوە، نیوەى دووەمی یارییەکە جیاوازبوو بەهۆی گۆڕانکارییەکان توانیان باشتر دەربکەون ستایشی ئاستی ڕۆدریگۆ و کارفاخاڵ و سەرجەم یاریزانەکانی کرد و ئاشکراشیکرد، هۆکاری یارینەکردنی هازارد بەهۆی تۆکمەیی هێڵی بەرگری ئینتەرمیلانەوە بووە و یاریکردنی ڕۆدریگۆی بە گونجاوتر زانیوە و پێی ڕاگەیاندووە بیرمەکەرەوە چەند خولەک یاریدەکەیت تەنها بیربکەرەوە چی دەکەیت.

ڕاهێنەرە ئیتاڵیەکە خۆشحاڵی خۆشی بە ئاستی بەرزی یاریزانەکانی و سێ خاڵی یارییەکە دەربڕی و نەیشاردەوە سەرپەرشتی کۆمەڵێک یاریزان دەکات کە توانایەکی بەرزیان هەیە و ئاستی هەریەک لە کاسمیرۆو کاماڤینگا و ڤینیسیۆسیشی بەرزنرخاند و هیوای خواست لە یارییەکانی داهاتووشدا لە بردنەوەکان بەردەوام بن.