PM:09:43:12/02/2024
3604 جار خوێندراوەتەوە
+
-
چامپیۆنز لیگ پڕ بینەرترین پاڵەوانێتی لە ئەوروپا دوای دوو مانگ وەستان
جارێکیتر دەستپێدەکاتەوە و هاندەرانیش بە پەرۆشیەوە چاوەڕێی دەکەن.
چامپیۆنز لیگ لە قۆناغی 16دایە و لەم هەفتەیەدا چوار یاری چوونی ئەو قۆناغە
ئەنجامدەدرێن و هەفتەی داهاتووش چوار یاریەکەی تر بەڕێوەدەچن.
سێشەممە بە ئەنجامدانی دوو یاری ئەو قۆناغە دەست پێدەکات و لە کاتژمێر 11ی
شەودا، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لەدەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی لایپزیگی
ئەڵمانی، مانچستەر سیتی ئینگلیزیش رووبەڕووی کۆپنهاگنی دانیمارکی دەبێتەوە.
ریاڵ مەدرید لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا شەش یاری ئەنجامدا و لەسەرجەمیاندا
بردنەوەی بەدەستهێنا و 16 گۆڵی تۆمارکرد و حەوت گۆڵی لێ تۆمارکرا، بە 18 خاڵیش لە
پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمدا بوو.
ریاڵ مەدرید لە مێژوویدا تەنیا دوو جار رووبەڕووی لایپزیگ بووەتەوە لە
چامپیۆنز لیگدا، لە یاریەکدا براوە بووە و یاریەکیش دۆڕاوە، یانەی شاهانە چوار
گۆڵی تۆمارکردووە لەبەرامبەردا یانە ئەڵمانیەکە سێ گۆڵی کردووە.
ریاڵ مەدرید هەرچەندە لەم وەرزەدا بەدەست پێکانە زۆرەکانیەوە دەناڵێنێت
بەڵام ئەنجامەکانی زۆر نایابە و لە خولی ئیسپانیشدا لە پێشەنگی ریزبەندیدایە، بۆ
یاریەکەی لایپزییگیش بێبەش دەبێت لە تواناکانی بێلینگهام و رۆدیگێر و کۆرتوا و ئالابا
و میلیتاو.
یانەی مانچستەر سیتیش لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت
بە شێوەیەک کە لە شەش یاریدا 18 خاڵی کۆکردەوە و 18 گۆڵی تۆمارکرد بە ڕێژەی
تۆمارکردنی سێ گۆڵ بۆ هەر یاریەک.
مان سیتی لە مێژوویدا تا ئێستا چوار جار رووبەڕووی کۆپنهاگن بووەتەوە
لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، لە دوو یاریدا براوە بووە و دوو یاریش یەکسانبووە
بەرامبەری، ستیزن نۆ گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا سێ گۆڵی لێکراوە بەرامبەر یانە
دانیمارکیەکە.
مانچستەر سیتی بەهێزترین پێکهاتەی هەیە بەتایبەت دوای گەڕانەوەی ئێرلینگ
هالاند و کیڤن دی برۆین لە پێکان و لە ئێستاشدا هیچ یاریزانێکی پێکانی نییە و
یەکێکیشە لە پاڵێوراوە بەهێزەکان بۆ بوون بە پاڵەوانی ئەم وەرزە و پارێزگاریکردن
لە نازناوەکە.
خ . ک