سەردێڕ:

ژمارەیەک کۆچبەری دیکەی کورد لە فەرەنسا رزگارکران

PM:02:11:25/11/2021

14828 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کالاس بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ھەشت کۆچبەری کوردیان بەمەبەستی چارەسەرکردن گەیاندووەتە نەخۆشخانەکەیان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەدام شاتلین یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کالاس لە فەرەنسا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ھەشت کۆچبەری کوردیان بەمەبەستی چارەسەرکردن گەیاندووەتە نەخۆشخانەکەیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کارزان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە فەڕەنسا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوپێکی  دیکەی کۆچبەران  بەھۆی  کون بونیەوە خەریک بووە نقوم بێت پۆلیسی دەریای فەڕەنسا بە ھانایانەوە چووە.
ئاماژەی بەوەشدا، چوپەکە دوو خێزانی کوردی تێدابووە کە منداڵێکیان لە ناودابووە و ژمارەیان  ھەشت کەس بوون.
دەشڵێت،  لە ئێستادا  سەرجەمیان لە نەخۆشخانەی کالاسن و چارەسەر وەردەگرن.
ھەر ئەمڕۆش، کارزان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕتی لەبەردەم نەخۆشخانەیەکی کاڵاسەوە رایگەیاند، لە نەخۆشخانەی کاڵاس تەرمی ٣١ کۆچبەری لێیە کە دوێنێ بەلەمەکەیان نقومبوو و زۆربەیان کوردن و خەڵکی ھەرێمی کوردستانن.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، لەیلا عومەر جێگری پارێزگاری سلێمانی چەند رۆژێکە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە کە چەند کیلۆمەترێک لە شاری کاڵاسەوە دوورە، بەڵام ئامادەنەبووە سەردانی نەخۆشخانەکە بکات و بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە بکات.
دەشڵێت، ھیچ میدیا و بەرپرسێکی کوردی بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە نەکردووە.
ئەمە لەکاتیکدایە، دوێنێ ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دەیان کۆچبەر کە دەیانویست لە فەڕەنساوە بگەنە بەڕیتانیا لە رێگەی کەنداوی ئینگلیزییەوە نوقومبوون و تا ئێستا تیمەکانی رزگارکردن سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ کەیسەکە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٢٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەی کاڵیاس و تەرمەکانیان گەیشتوونەتە ناوچەکانی بەڕیتانیا و دەشڵێت " پێدەچێت ژمارەی گیانلەدەستان زیاد بکات بەھۆی ئەوەی زۆرینەیان بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە".
ھاوکات وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیراڵد دارمانین رایگەیاند "ژمارەی ئەو تەرمانەی تا ئێستا دەرھێنراون ٣١ تەرمە کە پێنج ژن و منداڵێکیان لە ناودایە تا ئێستا ٢ کەس رزگار کراون و ژمارەی قوربانیان تا دێت بەرزتر دەبێتەوە".
وەزیری ناوخۆی فەڕەسا بە گەورەترین کارەساتی خوێناوی ناوی برد، وتیشی چوار قاچاخچیمان دەستگیر کردووە و لەگەڵ بەریتانیا لە پەیوەندیدان بۆ رێگری لە کارەساتی ھاوشێوە.



 کارزان عەلی - فەرەنسا












گەلەری