سەردێڕ:

رێبوار ئەوڕەحمان: بانکەکانی عێراق ئامادەی کردنەوەی هەژماری بانکین بۆ مووچەخۆرانی هەرێم

PM:01:45:30/04/2024

1968 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بانکە حکومییەکانی عێراق ئامادەن بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم. دەشڵێت، "ئەگەر پارتی و یەکێتی پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەبن، ئەوا باجەکەی زۆر بە قورسی دەدەن".


ئەمڕۆ سێشەممە، رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە رێگەی هەژماری منەوە ئیرادەی مووچەخۆرانی هەرێم قۆرخ بکەن و ناچاریان بکەن لە چەند بانکێکی سەر بە خۆیان هەژماری بانکی بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم سەرپشک بن کە ئایا دەیانەوێت لە بانکەکانی پارتی و یەکێتی هەژماری بانکی بکەنەوە یان لە بانکە فیدراڵییەکان. وتیشی، "زۆرینەی فەرمانبەران دەیانەوێت لە بانکە فیدراڵییەکان هەژماری بانکی بکەنەوە".

ئەوەشی خستە روو، دادگای فیدراڵی حکومەتی عێراقی ناچار کردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات و لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە مووچەخۆران مووچەکانیان وەر بگرن.

باسی لەوەش کرد، "لە رێگەی ٨٦ واژۆوە داوامان کردووە رێگری لەو قۆرخکاریەی پارتی و یەکێتی بگیرێت کە دەیانەوێت فەرمانبەران لە رێگەی بانکەکانی سەر بەخۆیانەوە هەژماری بانکی بکەنەوە".

وتیشی، "بەڵێن دەدەین، ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان نەوەی نوێ بکاتە هێزی یەکەم لە هەڵبژاردندا، بڕیارەکانی پارتی و یەکێتی و بەتایبەت هەژماری من هەڵدەوەشێنینەوە".

راشیگەیاند، ئەوان وەک نەوەی نوێ مووچەخۆران دڵنیا دەکەنەوە، بەردەوام دەبن لە فشارکردنە سەر حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا مووچەخۆرانی هەرێم ٣٠ رۆژ جارێک مووچەی خۆیان وەربگرن.

ئەوەشی خستە روو، پارتی ویەکێتی نایانەوێت کێشەی مووچە چارەسەر بێت و خەڵکی کوردستان دڵخۆش بێت، "دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی سەیرو سەمەرەترین دەسەڵاتە لە هەموو جیهاندا".













گەلەری