نووسەر و سیاسەتمەداری کورد دکتۆر کامیل ژیر لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
نووسەر و سیاسەتمەداری کورد کامیل نیزامەدین جەلال ناسراو بە کامیل ژیر، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە ئێستادا تەرمەکەی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلییە.
دکتۆر کامیل ژیر لە ساڵی ١٩٣٤ لە سلێمانی لەدایک بووە و
کۆلێژی یاسای تەواو کردووە، ماوەیەک وەک پارێزەر و ماوەیەک وەک دادوەر کاری
کردووە.
نووسەر و زمانزان بووە و جگە لە زمانی کوردی دایک چەند
زمانێکی دیکەی زانیوە.
لە ساڵی ١٩٥٤دا دەستی بە
نووسینی هۆنراوە کردووە و یەکەم هۆنراوەی بە ناوی "هەژار لە جەژندا" بووە
لەوێوە چووەتە ناو دنیای نووسین و ئەدەب و دەستی بە نووسین کردووە.
لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە ژیانی هاوسەری
پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
کامیل ژیر ئەندامی حزبی شیوعی عێراقی بووە و وەک خۆی لە
چاوپێکەوتنێکیدا باسی دەکات، بەهۆی سیاسەتەکانی ئەو حزبە بەرامبەر بە کورد وازی لە
حزبەکە هێناوە. هەر بەھۆی چالاکییەکانی لەو حزبە و رێکخراوەکانیدا، چەند جار زیندانی
کراوە و لە خوێندن پچڕێندراوە. لە ساڵی ١٩٥٧ تاوەکو ١٩٥٨ وەک دوورخراوەیەکی سیاسی،
نێردراوە بۆ زیندانی ئەبو غرێب.
دامەزرێنەر و ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە
و یەکێتی کورد (کاژیک) بووە.