سەردێڕ:

دانیشتوانی عێراق ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیار هێلکە دەخۆن

PM:04:27:26/04/2024

732 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی ئابووری لەبارەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی هێلکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران کە تایبەتە بە میکانیزمی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و بە تایبەتیش هێلکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ساڵانە دانیشتوانی عێراق زیاتر لە حەوت ملیار هێلکە دەخۆن.


ئەمڕۆ هەینی، نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووریی و ئابووریناسی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامانجی کەمکردنەوەی هاوردەکردنی بەرهەمی هێلکە و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕەکاندا بڕیاری لەسەر گرتنەبەری رێکارێکی نوێ دا.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی رێکارەکە رێگە دەگیرێت لە هاوردەکردنی هێلکە لە دەرەوەی عێراق و لەکاتی هاوردەکردنیشدا پێویستە بازرگانەکە پابەند بێت بە مەرجی هاوردەکردن و رێنماییەکان و ( ناوی بەرهەمەکە، بەرواری بەرهەمهێنان و بەسەرچوون ) لەسەر رووپۆشی هەر هێلکەیەک بنوسرێت لەگەڵ ئەو ناوچەیەی کە هێلکەکەی لێوە هاوردەکراوە.

باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق ساڵانە دانیشتوانی عێراق بە تێکڕا زیاتر لە ترلیۆنێک و ٣١٨ ملیار دینار بۆ کڕینی زیاتر لە حەوت ملیار هێلکە خەرج دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٥ـی نیسان نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی هێلکە، حکومەتی عێراق لە رۆژی ٢ـی ئایاری ئەمساڵەوە رێکارێکی نوێ دەگرێتە بەر.













گەلەری