سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبا: هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری بەهۆی کارەباوە بووبێت

PM:02:02:06/05/2024

44344 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە ئاگرەکەی هەولێر بەهۆی کارەباوە بووبێت.


وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووداوە نەخوازراوەکان سەردانی بازاڕی قەیسەری کردووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەڵگە و ئاماژەی وا لەبەردەستدا نەبووە بیسەلمێنێت هۆکاری سوتانەکە پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت.

هەر ئەمڕۆش نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری هەولێر چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە. وتیشی، "بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان نزیکەی ٣٧٢ دوکان لە بازاڕەکەدا سووتاون".

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو، ٥ـی ئایار ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و چەندان تیمی بەرگری شارستانی هەولێر خرانە ئامادەباشییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

ئەوەش بۆ دووەم جارە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بکەوێتەوە و لەمساڵدا چوارەم رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕەکانی هەولێردا.

لە ٢٧ـی شوباتی ئەمساڵیشدا، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، ئەوکات پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ١٦٦ دوکان بەتەواوی سوتاون نزیکەی ٩٠ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە کە ٢٤ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کران.

دواتر و لە ٨ـی نیسانی ئەمساڵدا، دووبارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و ئەمجارە بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ٥٠ دوکان سوتان، ئەوەش سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە بازاڕەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە.

لە ٢٣ـی نیسانی ئەمساڵیشدا، ئاگر لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە چەندین دوکان سوتان و کاسبکاران دووبارە زیانێکی زۆریان بەرکەوت.

هاوکات، لە سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا لەمساڵدا، زیانێکی زۆر بەر کاسبکار و خاوەن دوکانەکان کەوتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش تا ئێستا قەرەبووی ئەو کەسانەی نەکردووەتەوە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیانیان بەرکەوتووە و زۆربوونی ژمارەی رووداوەکان، گومانی لای هاوڵاتییان و کاسبکاران دروست کردووە.













گەلەری