سەردێڕ:

بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش؛ کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ تاران راگرت

AM:09:40:11/04/2024

1728 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش کۆمپانیای لۆفتهانزای فڕۆکەوانی ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ تاران راگرتووە.


وتەبێژی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، کۆمپانیاکە ئەو بڕیارەی بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوە و راگرتنەکە بۆ ماوەی یەک رۆژ و تاوەکو ١٢ی شەوی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ی نیسان بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمپانیاکە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵە. دەشڵێت، سەلامەتی گیانی کارمەندەکانیان کاری لەپێشینەیانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان هەر ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن بۆ دەستپێکردنەوە یان دەستپێنەکردنەوەی گەشتەکان دەکەن.

ئەوەش لەدوای رووداوی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران دێت لە دیمەشق، کە دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند، حەوت فەرماندەی باڵا و راوێژکاری سەربازییان لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.













گەلەری