سەردێڕ:

قەرەداغ؛ چوار ئەندامی گروپێکی شاخەوانی بەهۆی لافاوەوە خنکان

PM:04:58:03/05/2024

29580 جار خوێندراوەتەوە

تیمی فریاگوزاری بەرگری شارستانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەرمی ئەو چوار شاخەوانەی کە بە مەبەستی شاخەوانی روویان لە قەرەداغ کرد بوو و ئاو بردنی دۆزراونەتەوە و بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری دەیان گوازنەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.


ئەمڕۆ هەینی، تیمی فریاگوزاری بەرگری شارستانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەرمی چوار ئەندامی گروپێکی شاخەوانی کە روویان لە سنووری قەرەداغ کردبوو و لە گوندی ئاوەسپی بەهۆی لافاوەوە ئاو بردنی دۆزراوەتەوە و دەگوازرێنەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.
هاوکات، رەئوف کەمال قائیمقامی قەرەداغ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتژمێرێک بەر لە ئێستا لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی ئاگادار کرانەوە لەوەی چوار ئەندامی گروپێکی شاخەوانی کە روویان لە سنووری قەرەداغ کردووە، لەکاتی گەڕانەوەیان لە گوندی ئاوەسپی ئاو بردوونی. 

لەلایەکی دیکەوە، ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە نزیک گوندی ئاوەسپی لە ناوچەی قەرەداغ لە سنووری سلێمانی چوار ئەندامی گروپێکی شاخەوانی ئاو بردونی.

ئاماژەی بەوەش کرد، گروپەکە ١٢ کەس بوون و بەهۆی لافاوەوە چوار کەسیان ئاو بردونی و تیمەکانی فریاکەوتنی سلێمانی بەڕێکەوتوون بۆ رزگارکردنیان.

هەر لەوبارەیەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەندامانی ئەو گروپە دانیشتوی شاری سلێمانین و بە مەبەستی شاخەوانی روویان کردووەتە ناوچەی قەرەداغ و نزیک گوندی ئاوە سپی.

ئاماژەی بەوەش کرد، چوار ئەندامیان بەر لافاوەکە کەوتوون و ئاو بردونی و خنکاون، لە ئێستاشدا تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون. وتیشی، سێ ئەندامی دیکەشیان لەو شوێنەدا گیریان خواردووە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی لە هەوڵی رزگارکردنیاندان.

رێنواز نامیق - سلێمانی 
گەرمیان حەمەی پور - گەرمیان

 













گەلەری