سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی لیستی مووچەی مانگی دوو

PM:07:33:27/03/2024

131988 جار خوێندراوەتەوە

دوای دوو هەفتە لە دەستبەسەرداگرتنی پارەکەی، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکەن. چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا پارەی مووچە نەدراوەتە وەزارەتی دارایی، هەربۆیە لیستی مووچەیان بڵاو نەکردووەتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر پارەی مووچەی بۆ وەزارەتی دارایی نەناردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها ئاگاداری کردونەتەوە کە لیست را بگەیەنن، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر ئەو پارەیەی لە بەغداوە بۆ مووچە هاتووە و زیاتر لە دوو هەفتەیە دەستی بەسەردا گیراوە، تا ئێستا نەیناردووە بۆ وەزارەتی دارایی تا مووچە دابەش بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا پارەی مووچە نەگاتە بانکەکان، لیستی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆران راناگەیەنن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەغدا پارەی مووچەی مانگی دووی رەوانە کردووە، بەڵام لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و قوباد تاڵەبانی جێگری و بە رەزامەندی سەرجەم وەزیرەکان دەست بەسەر پارەکەدا گیرابوو و تا ئێستاش ئەو پارەیە نەدراوەتە وەزارەتی دارایی تا مووچەی مووچەخۆرانی پێ دابەش بکات.

هێرش قادر - هەولێر












گەلەری