سەردێڕ:

لەسەر داوای نەوەی نوێ؛ عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی دهۆک دەکاتەوە

PM:04:00:27/03/2024

4056 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی دهۆک.


ئەمڕۆ چوارشەممە، لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، حکومەتی عێراق بڕیاریدا قەرەبووی ئەو خێزانانە بکاتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی دهۆکەوە زەرەرمەند بوون و ئاو چووە ناو ماڵەکانیانەوە.

٢٠ـی ئەم مانگە، رۆژێک دوای لافاوەکەی دهۆک، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، نوسراوێکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد، کە تیایدا هاتبوو، بەهۆی ئەوەی لە دهۆک ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان زەرەرمەند بوون بە هۆی لافاوەوە، داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات ، بە پەلە بەهانای ئەو هاوڵاتیانەوە بچێت کە زیانیان بەرکەوتووە و پێداویستییەکانی رۆژانە بۆ زیانلێکەوتوان دابین بکەن.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، داواکارە لەسەرۆک وەزیرانی عێراق هاوکاری مرۆیی و پزیشکی و تیمی بەرگری شارستانی رەوانەی دهۆک بکات، بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

وتیشی،" بەهۆی لافاوەکەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی دهۆک زیانیان پێگەیشتووە و ٦٢٧ کەس ئاوارە بوونە و زیاتر لە ١٦٠ ماڵ ئاویان تێچووە و زەرەمەندبوون و ١٠٠ مۆلیدەی ئەهلیش زیانی پێگەیشتووە، لەگەڵ چەندین زەرەر و زیانی دیکە لە دهۆک".

رۆژی ١٩ـی ئەم مانگە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوەوە لە دهۆک، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان ماڵیش زەرەرمەند بوون.













گەلەری