سەردێڕ:

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەر بڕیاردەدات؛ موچە دابەش دەکرێت؟

AM:09:06:27/03/2024

3144 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی کارنامەی حکومەتی کاربەڕێکەر بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنەکەدا تاوتوێی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بکەن، پێشبینیش دەکرێت ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی شوبات رابگەیەندرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە ئەمرۆ کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کۆببێتەوە و بڕیار لەسەر دابەشکردنی مووچە بدرێت. دەشڵێت، "رەنگە لەم هەفتەیەدا بەغدا بڕێک پارە بۆ هەرێم بنێرێت بۆ دابەش کردنی مووچەی مانگی ئازار".

باسی لەوەش کرد، لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم باس لەوە کراوە بەو بڕە پارەی لە بەردەست دایە دەست بە دابەش کردنی مووچە بکرێت، بۆیە سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە.

ئەوەشی خستە روو، رەنگە لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی عێراق بڕێکی دیکە پارە بۆ هەرێم بنێرێت بۆ دابەش کردنی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێم.وتیشی، " دەکرێت لە ئەمڕۆدا لیستی مووچەی مانگی شوبات بڵاوبکرێتەوە و دەست بەدابەشکردنی مووچەی ئەو مانگەش بکرێت لە رۆژی شەممەوە".

هاوکات لە بارەی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمەوە، سبهان جیهاد راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا کاتی چارەسەرکردنی کێشەکان ناردنی پارە بۆ هەرێم بەشێوەی گوژم بەردەوامی دەبێت. دەشڵێت،" وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لابدات".

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاندووە، پێش راگرتنی هەناردەی نەوت، بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن دەدرا. لەکاتێکدا، تەنها لەماوەی فرۆشتنی نەوتدا بە سەربەخۆ، هەرێم ٥٦ مووچەی مووچەخۆرانی یان هەر نەداوە، یانیش بە لێبڕین و پاشەکەوتەوە دابەشی کردووە.

لە ئێستاشدا سەرەڕای ئەوانە، ماوەی دوو هەفتەیە بەغدا پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە و ماوەی ٥٥ رۆژە مووچەی دابەش نەکردووە.













گەلەری