سەردێڕ:

هاوپەیمانان لەبارەی مووچە و پێشمەرگەوە هۆشداری توندیان بە پارتی و یەکێتی داوە

PM:01:50:26/03/2024

62252 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی شاندی هاوپەیمانان و وەزیری پێشمەرگە و نوێنەرانی پارتی و یەکێتی، هاوپەیمانان هۆشداری توندیان داوەتە پارتی و یەکێتی، کە ئەگەر تا ناوەڕاستی ئەمساڵ هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەخەنەوە، ئەوا هاوکارییەکانیان کەمتر دەکەنەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شاندی هاوپەیمانان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەر و نوێنەرانی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجام داوە و هۆشداری توندیان داوەتە پارتی و یەکێتی.

ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی هاوپەیمانان بە روونی بە پارتی و یەکێتییان راگەیاندووە، ئەگەر بێت و تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، هێزەکانی پێشمەرگە یەک نەخەنەوە، ئەوا هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە کەمتر دەکەنەوە.

لەبارەی مووچەی لیوا هاوبەشەکانیشەوە ئەو چاوگە بە ئێن ئاڕ تی وت، هاوپەیمانان هۆشداریان داوەتە پارتی و یەکێتی کە ئەو پارەیەی مانگانە بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکان دەینێرن، دەبێت لە وادەی خۆیدا و مانگانە لە پێنج بۆ حەوتی هەموو مانگێک مووچەی لیوا هاوبەشەکان دابەش بکرێت.

ئەوەشی خستە روو، هاوپەیمانان هۆشداری ئەوەشیان داوەتە پارتی و یەکێتی، لە کاتی ناردنی پارەی مووچەی لیوا هاوبەشەکان، نوێنەرێکی هاوپەیمانان چاودێری پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەکە دەکات و ئەگەر مووچەکە لەو وادەیەی دیاری کراوە دابەش نەکرێت یاخوود دەست بەسەر پارەکەدا بگیرێت، ئەوا بە تاوانی قۆرخکاری لێپرسینەوەی توند لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەندین ساڵە ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوام فشار لە پارتی و یەکێتی دەکەن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات پێشتر ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکرا کرد، ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ هەرێم بەستووەتەوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی کە دیاری کراوە.













گەلەری