سەردێڕ:

دژی پێنەدانی مووچە؛ لە سنووری سلێمانی بایکۆت بەردەوامە

AM:09:36:26/03/2024

2200 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ماوەی سێ رۆژ لەسەر یەک؛ ئەمڕۆ لە بەشێک لە قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سنووری سلێمانی بایکۆت دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچە بەردەوامە.


لە سنووری سلێمانی کارمەندان و فەرمانبەرانی بنکەی تەندروستی سەروەری، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی تاقیگەی بیناسازی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج، بەشێک لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بایکۆتی کارەکانیان کردووە.

لەو بارەیەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییانەشی کە دەوامیان تێدا دەکرێت تەنها بەشێکی کەمی کارمەندەکانیان دەچنەوە سەر کارەکانیان.

ئەو فەرمانبەرانە باس لەوە دەکەن، دواکەوتنی مووچە بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە چیتر ناتوانن بەو دۆخەوە بەردەوام بن. دەشڵێن، "تا مووچەکانمان وەرنەگرین ناگەڕێینەوە سەر ئەرکەکانمان".

دوێنێ دووشەممە، دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچە؛ لە چەمچەماڵ بەشێک لە کارمەندان و فەرمانبەرانی کلینیکی راوێژکاری شەهید پێشڕەو، سەنتەری راهێنانی منداڵان بۆ چارەسەری سروشتی، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی چەمچەماڵ، زانکۆی چەرمۆ، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی چەمچەماڵ، پەیمانگای وەرزشی چەمچەماڵ و پەیمانگای کۆمپیوتەری چەمچەماڵ بایکۆتی کارەکانیان کرد.

هاوکات، لە کەلاریش، فەرمانبەران و کارمەندانی شارەوانییەکانی گەرمیان و نەخۆشخانەی گشتی کەلار و نفوسی کەلار بایکۆتیان کرد و کارەکانیان راگرت. لە کفریش فەرمانبەران و کارمەندانی دادگای کفری دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتیان کرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی رابردوو، لە سلێمانی دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان مامۆستایان لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیش رێگرییان لە خۆپیشاندانەکە کرد و هاوکات، رێگرییان لە تیمی رۆژنامەوانی ئێن ئاڕ تیش کرد رووماڵی ناڕەزایەتی مامۆستایان بکەن و مەڕوان فەرەیدون وێنەگری ئێن ئاڕ تییان دەستگیر کرد.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، چەند مامۆستایەک لە کەلار دەستگیرکران کە ویستوویانە بە مەبەستی بەشداری لە خۆپیشاندانەکەی سلێمانی، بەرەو سلێمانی بەڕێبکەون.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەغدا زیاتر لە ٦٠٨ ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێم، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە و بەبیانووی کورتهێنان ئامادە نییە بەو پارەیە و داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.

لەماوەی شەش مانگی رابردوودا حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها مووچەی مانگی ١٠ی ساڵی رابردووی دابەشکردووە، ئەم مووچەیەی دەبێت دابەشی بکات مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردووە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر ناوی ناوە مووچەی مانگی ٢ی ئەمساڵ، لەکاتێکدا وا مووچەخۆرانی هەرێم دەچنە مانگی ٤ـەوە.


No description available.

No description available.













گەلەری