PM:09:24:25/03/2024
1104 جار خوێندراوەتەوە
پزیشكانی نیشتەجێی دێرین و خولاو و پلەبەند لە سلێمانی رایانگەیاند، بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان بڕیاری راگرتنی دەوامیان داوە و سبەی کاتژمێر نۆ لەبەردەم نەخۆشخانەی شار گرددەبنەوە. دەشڵێن، "دەزانین بڕی پێویستی پارە بۆ مووچە دابینكراوە و لەبەردەستە، بەڵام دەستی بەسەردا گیراوە، بۆ زیاتر چەوسانەوەی ئەم میللەتە".
ئەمڕۆ دووشەممە، پزیشكانی نیشتەجێی دێرین و خولاو و پلەبەند لە سلێمانی راگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی ماوەی ٥٤ رۆژە مووچەی مانگی شوبات دابەش نەکراوە، هەروەها سێ مووچەی ساڵی ٢٠٢٣ نەدراوە، بڕیاریانداوە بە راگرتنی دەوام لە سەرجەم سێكتەرەكانی تەندروستی شاری سلێمانی ودەوروبەری.
ئاماژە بەوەش کراوە، دەزانن بڕی پێویستی پارە لەبەردەستە، بەڵام دەستی بەسەردا
گیراوە بۆ زیاتر چەوساندنەوەی میللەت.
ئەوەش خراوەتە روو، مەبەستی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی و هەڵوێیستیان بڕیاریانداوە
سبەی سێشەممە کاتژمێر نۆی بەیانی لەبەردەم نەخۆشخانەی شار گردببنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە سلێمانی دژی
دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان مامۆستایان لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود دەستیان
بە خۆپیشاندان کرد و هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیش رێگرییان لە خۆپیشاندانەکە کرد و
هاوکات، رێگرییان لە تیمی رۆژنامەوانی ئێن ئاڕ تیش کرد رووماڵی ناڕەزایەتی مامۆستایان
بکەن و مەروان فەرەیدون وێنەگری ئێن ئاڕ تییان دەستگیر کرد.