سەردێڕ:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ: پێویستە عێراق و هەرێم بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ مووچە جێبەجێ بکەن

PM:04:09:24/03/2024

4664 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نیشتیمانی بکرێت. دەشڵێت، "سەرەڕای ناردنی پارەی بەغدا، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم مووچەی دابەش نەکردووە و ئامادە نییە دابەشی بکات".


ئەمڕۆ یەکشەممە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دوای بڕیارە دادپەروەرانەکەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، پیویستە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە نیشتیمانی بکەن.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، "بە داخەوە تا ئەم ساتە نەک هەنگاوی بە نیشتیمانی کردنی مووچەخۆرانی هەرێم نابینن، بەڵکوو حکومەتی هەرێم ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکات."

دەشڵێت، ئەم مانگە حکومەتی عێراق ٦٠٧ ملیار دیناری رەوانەی هەرێم کردووە، جێگەی سەرنجە مانگی رابردوو حکومەتی عێراق ٦١٨ ملیار دینار رەوانەی کوردستان کراوە و هەرێمیش بەو پارەیە مووچەی دابەش کردووە، بەڵام وێڕای نزیکی ئەو دوو بڕە پارەیە ، هەرێم مووچەی پێ دابەش ناکات.

ئەوەشی خستە روو، لە مانگی رەمەزاندا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ مووچەن و لە مووچەی شەش مانگ تەنها یەک مانگ مووچەیان وەرگرتووە و ئەمە بۆ هیچ کەسێکی خاوەن ویژدان جێگەی قبووڵ نییە.

راشیگەیاند، "ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لێرە لە رێگەی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای ئەوە دەکەین، چارەسەرێکی خێرا بدۆزرێتەوە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێ بکرێت و مووچەی فەرمانبەران راستەوخۆ و بەبێ دواکەوتن خەرج بکرێت".

باسی لەوەش کردووە، ئەوەی داوای دەکەن کەمترین شتە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم بۆ ئەوەی کە بەکەرامەتەوە بژین و پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن، ئەمەش ئەو مافەیە کە سەرجەم یاسا ئاسمانی زەمینییەکان و دەستوور و یاسا بەرکارەکان دەستەبەریان کردووە، بەڵام بە داخەوە واقع پێچەوانەی ئەمەیە.


 













گەلەری