سەردێڕ:

کۆمسیۆن: ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە وادەی خۆیدا

PM:03:15:24/03/2024

4140 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا. دەشڵێت، تۆمارکردنی کاندیدەکان تاوەکو رۆژی ٢٨ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەشێوەی چوار بازنەیی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پەرلەمانی کوردستان پێکدێت لە ١٠٠ کورسی، لە هەولێر ٣٤ کورسی و لە سلێمانی ٣٨ کورسی لە دهۆک ٢٥ کورسی و هەڵەبجەش سێ کورسی.

ئەوەشی خستە روو، کۆمسیۆن دەرگای تۆمارکردنی کاندیدەکانی حزب و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکانی لە رۆژی ١٣ـی ئازارەوە کردووەتەوە و تاوەکو رۆژی ٢٨ـی ئازار تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پاش فشارەکان، رۆژی ٣ـی ئازاری ٢٠٢٤ سەرۆکایەتیی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد و بڕیارە لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.













گەلەری