سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی مووچەوە

PM:10:40:21/03/2024

58720 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سودانی رەزامەندی دەربڕیوە لەوەی کە هەفتەی داهاتوو بڕێکی تر پارە بنێردرێت بۆ دابەشکردنی مووچە کە تایبەتە بە هێزە چەکدارەکان و مووچەی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی دیکەیش. وتیشی، "دوای گەیشتنی پارەکە راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی مووچە بە تەواوی ئامادە کراوە و تەنها واژۆی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر ماوە کە دەچێتە رۆژی ٢٤ و ٢٥ـی ئازارەوە، لە دوای ئەو وادەیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، بەهەمان میکانیزمی مانگەکانی رابردوو مووچە دابەش دەکرێت بەڵام دەکرێت لە هەفتەیەک زیاتری پێبچێت تا کاتی نزیک بوونەوەی جەژن.

ئەوەشی خستە روو، بڕیاردراوە تا دوای جەژن یەک مووچە دابەشبکرێت ئەویش مووچەی مانگی شووبات دەبێت و دوای جەژنی رەمەزانیش دەست بە ئامادەکاری دەکرێت بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار بە میکانیزمێکی نوێ و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمێکی نوێ کە هەر دوو سیستمی ئەلیکترۆنی و کاش لەخۆی دەگرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا حکومەتی عێراق ٦٠٨ ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام سەرەڕای هەبوونی داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوتی قاچاغ، تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر بە بیانووی کورتهێنان دەستیان نەکردووە بە دابەشکردنی مووچە.
‌هـ.ش













گەلەری