سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوکاریی مرۆیی گەیاندە ٢٥٠ خێزانی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی دهۆک

PM:10:27:21/03/2024

1144 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ٢٥٠ بەشەخۆراکی فریاگوزارییان بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش کردووە کە بەهۆی لافاوەوە لە دهۆک زەرەرمەند بوون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەهاناوەچوونی ئەو هاوڵاتیانەی لە لافاوەکەی دهۆکدا زەرەرمەند بوون، بەشەخۆراکی فریاگوزارییان بەسەر ٢٥٠ خێزانی زیانلێکەوتوودا دابەش کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر داوای ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەستیان کرد بە دابەشکردنی ئەو بەشەخۆراکانە بەسەر خەڵکی دهۆکدا.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخووڕ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەو هۆیەشەوە لە دهۆک و هەولێر و هەندێک شار و شارۆچکەی دیکە لافاو دروستبوو.

لە دهۆک بەهۆی لافاوەکەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان هاوڵاتی دیکەش زەرەرمەند بوون بەهۆی ئەوەی ئاوچووە نێو ماڵەکانیانەوە.













گەلەری