سەردێڕ:

بەهۆی لافاوەوە؛ پردی سەرقەڵا هەرەسی هێنا و هاتوچۆی ٣٠ گوند پەکی کەوتووە

AM:08:54:20/03/2024

2312 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پردی ناوچەی سەرقەڵای سەر بە کفری بەهۆی بارانبارینەوە هەرەسی هێناوە و دوای ئەوەی رێگایەکی لاوەکیش دروست کرابوو بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان لە ئێستادا ئەو رێگایەش ژێرئاو کەوتووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆ ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و بەهۆی هەرەسهێنانی پردی ناوچەی سەرقەڵای سەر بە کفرییەوە هاتوچۆی زیاتر لە ٣٠ گوند و سێ ناحیە پەکیکەوتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەماوەی رابردوودا دوای ئەوەی پردەکە هەرەسی هێنا رێگایەکی لاوەکی دروست کرا بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان، بەڵام شەوی رابردوو بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە ئەو رێگایەش بەتەواوی ژێرئاو کەوت.

ئەوەشی خستە روو، ئەو پردە هاتوچۆی زیاتر لە ٣٠ گوند و سێ ناحیەی لەسەرە و زۆرجاریش بەهۆی خراپی رێگای نێوان کەلار-سلێمانی، هاوڵاتییان ئەو رێگایە بەکاردەهێنن بۆ هاتوچۆی سەنگاو و چەمچەماڵ و قەرەداغ و سلێمانی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پردی سەرقەڵا مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق و ساڵانە بەهۆی لافاوەوە مەترسی داڕوخانی دەکەوێتە سەر، هەرچەندە پردەکە رێڕەوێکە بۆ هاتوچۆی نزیکەی ٣٠ گوند و دوو ناحیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی پەیوەندیدار بە دەم چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو پردەوە نەچووە.

محەمەد عەدنان-کفری













گەلەری