سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: تاوەکو مانگی ئایار ٧٠٪ـی دانیشتوانی غەززە دووچاری برسێتی دەبنەوە

PM:07:06:18/03/2024

748 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەپێی پۆلێنبەندییەکان، لە ئێستادا لە کەرتی غەززە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن و پێشبینیش دەکرێت تاوەکو مانگی ئایار بە رێژەی ٧٠٪ـی دانیشتوانی غەززە دووچاری برسێتی ببنەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بە پشتبەستن بە پۆلێنبەندی کاتی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک دەرکەوتووە کە لە ئێستادا لە تەواوی کەرتی غەززەدا یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس دووچاری ئاستێکی کارەساتبار لە برسێتی بوونەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، پیشبینی دەکرێت تاوەکو مانگی ئایار بە رێژەی ٧٠٪ـی دانیشتوانی غەززە دووچاری برسێتی ببنەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەگەر ئیسڕائیل هێرشەکانی بۆ سەر شاری رەفەح چڕتر بکاتەوە، ئەوا نزیکەی نیوەی دانیشتوانی غەززە کە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسە تووشی برسێتییەکی مەترسیدار دەبنەوە.

لە بەرامبەردا، حکومەتی ئیسڕائیل رایگەیاند، هیچ سنوورێک بۆ هاوردەکردنی یارمەتییە مرۆییەکان دانەنراوە و نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لای خۆشیەوە، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە برسێتی لە کەرتی غەززە دروست کردووە و برسێتی وەک چەکی شەڕ بەکارهێناوە.

لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بەردەوامی هەیە و بەهۆی مانگی رەمەزانەوە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چڕتر بووەتەوە بۆ ئەوەی ئاگربەستی کاتی رابگەیەندرێت.













گەلەری