سەردێڕ:

نوێترین راگەیەنراوی حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە

AM:09:48:18/03/2024

77816 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی نوێترین راگەیەنراوی وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی مووچەوە، گوایە بەغدا جیاکاری لەنێوان مووچەخۆراندا دەکات و پارەی بەشێکی مووچەخۆرانی نەناردووە، ئەو وتەبێژە دەڵێت، سیاسەتی جیاکاری و برسیکردن قبوڵ ناکەن.


پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ٪٥٩ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە، کە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە، دەشڵێت، "ئەم کارەی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ دروستکردنی فیتنەو جیاکاری و سوکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێم."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان ئەو جیاکاری و سوکایەتییە قبوڵ ناکەن و سیاسەتی جیاکاری و برسیکردن رەتدەکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم داهاتی سێ مانگی ناوخۆی لەبەردەستدایە و دەتوانێت لەرێگای ئەو داهاتانەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات. جیا لەوەی ماوەی هەفتەیەکە بەغدا پارەی مووچەخۆرانی ناردووە و حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە، مووچەخۆران لە مانگی ٣ دان و ئەم مووچەیەی بڕیارە وەریبگرن مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردووە. جیا لەوەی نزیکەی ٥٠ رۆژە مووچە دابەشنەکراوە.

ئێن ئاڕ تی ئەوەی زانیوە، حکومەتی کاربەڕێکەر دەیەوێت تاوەکو جەژنی رەمەزان تەنها یەک مووچە دابەشبکات، بەوپێیەی بەپێی دوایین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی مووچەوەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، مووچەی مانگی دهاتووی فەرمانبەران بەبێ هەژماری بانکی دابەشناکرێت و حکومەتی کاربەڕێکەریش دەیەوێت پڕۆژەی هەژماری منی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر بەکاربهێنێت بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵ دەڵێت، دەبێت هەژماری مووچەخۆران لەرێگای یەکێک لە بانکە فەرمییەکانی وەک TBI یان رەشید و رافیدەینەوە بکرێتەوە.

لەو بارەیەوە لە ١٣ی ئەم مانگەدا پێشەوا هەورامانی وتی، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پاشەکشە ناکات لە پڕۆژەی "هەژماری من"، هەرکەسێکیش دەیەوێت لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش بکات، هەموو وردەکارییەکی هەر مووچەخۆرێکی رادەست دەکرێت.

پێشتریش، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، ئەوان پارەی کەمیان نەناردووە، بەڵکو ئەو بڕە پارەیەیان ناردووە کە حکومەتی کاربەڕێکەر داوای کردووە بۆیان بنێرێت بە گوێرەی ئەو لیستانەی کە رەوانە کراوە.

وەزیری دارایی عێراق وتیشی، داوا کراوە کە لە یەک مانگدا پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو بێت تا لەوە زیاتر مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان دوا نەکەوێت و لە ئێستاشدا بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات زیاتر لە ٥٦٠ ملیار دیناریان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر ناردووە.

باسی لەوەش کرد، داوایان کردووە کە هەرێم زانیارییەکانی پرۆژەی "هەژماری من" بداتە بەغدا، بەڵام هەرێم ئامادە نەبووە زانیارییەکانیان پێ بدات، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە نەتوانن بەهیچ جۆرێک لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە دابەش بکەن و ناشیانەوێت لە رێگەی ئەو هەژمارەوە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرن.

 

هـ.ئـ

 













گەلەری