سەردێڕ:

بەهۆی پێنەدانی مووچەوە؛ چەند بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەکی سلێمانی دەوامیان راگرت

AM:09:21:17/03/2024

29044 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و کارمەندانی دادنووسی بەکرەجۆی سلێمانی سەرجەم ئیش و کارەکانیان راگرت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، دوای تێپەڕبوونی ٤٦ رۆژ بەسەر دابەشنەکردنی مووچەی مانگی شوباتدا جارێکی دیکە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەوامیان راگرت.

کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، چەند رۆژێکی کەمی ماوە و دەچنە مانگی نیسانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە مووچە فەوتاوەکانی ساڵی رابردوویان وەرگرتووە نە مووچەی مانگی شوبات.

هاوکات، کارمەندانی دادنووسی بەکرەجۆی سلێمانیش کارەکانیان راگرتووە و باس لەوەدەکەن، تاوەکو وەڵام وەرنەگرن ناچنەوە سەر کارەکانیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا حکومەتی کاربەڕێکەر یەک مووچەی ئەو شەش مانگەی دابەشکردووە، بەو واتایەی لە مانگی ١٠ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا کە مانگی ٣ی ئەمساڵە، مووچەخۆران تەنها مووچەی مانگی ١٠یان وەرگرتووە.

ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە بەغدا پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە و حکومەتی کاربەڕێکەریش بە ناوی ئەوەی پارەکە کەمی هەیە، دەستی بەسەرداگرتووە و بەسەر مووچەخۆراندا دابەشی ناکات. ئەوە جگە لەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆی سێ مانگی لەبەردەستدایە و دەتوانێت لەو رێگایەوە مووچە بەبێ کەموکوڕی دابەشبکات.

ئیحسان سابیر – سلێمانی













گەلەری