سەردێڕ:

جارێکی دیکە؛ ئەمریکا رێگە بە ئێران دەدات پارە سڕکراوەکانی بەکاربهێنێت

PM:07:30:14/03/2024

1420 جار خوێندراوەتەوە

میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمریکا هەوڵدەدات جارێکی دیکە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی لەسەر ئێران نوێبکاتەوە و رێگە بە ئێران بدات ١٠ ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی لە عێراق بەکاربهێنێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردەوە، حکومەتی ئەمریکا نوسراوێکی ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکە کردووە کە تێیدا ئاماژە بە درێژکردنەوەی وادەی لێخۆشبوونی سزاکان لەسەر ئێران کراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەگوێرەی بڕیارەکە ئێران دەتوانێت بڕی ١٠ ملیار دۆلار لەو پارەیەی کە لە عێراق سڕکراوە بەکاربهێنێت کە ئەوەش ناڕەزایەتی چەند ئەندامێکی کۆمارییەکانی لێکەوتەوە و داوایان لە حکومەت کرد ماوەی لێخۆشبوونی سزاکان لەسەر ئێران درێژنەکاتەوە تاوەکو پارە سڕکراوەکانی بەکار بهێنێت.

هاوکات، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەگوێرەی دوایین لێخۆشبوون هیچ بڕە پارەیەک ناچێتە ناو خاکی ئێرانەوە، بەڵام ئەو پارانەی سڕکراون تەنها بۆ ئەو مامەڵانە بەکاردەهێندرێت کە سزایان لەسەر نییە کە ئەوانیش کڕینی خۆراک و کەلوپەلی کشتوکاڵی و دەرمان و کەرەستەی پزیشکین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوایین جار لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا ئەمریکا لێخۆشبوونی سزاکانی لەسەر ئێران بۆ ماوەی چوار مانگی دیکە درێژکردەوە کە بڕیار بوو تاوەکو مانگی ئازاری ئەمساڵ بخایەنێت، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت دووبارە ماوەی لێخۆشبوونی سزاکە درێژبکاتەوە.













گەلەری