سەردێڕ:

پرۆسەی چاککردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا تەواو بووە

PM:11:57:13/03/2024

1940 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، پرۆسەی چاککردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بە رێژەی ١٠٠٪ تەواو بووە. دەشڵێت،" بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان، پشت بە رێنماییەکانی حکومەتی عێراق دەبەستین".


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خاوەندارییەتی دەکرێت، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا کە پێشتر زیانی پێگەیشتبوو، لە ئێستادا بە رێژەی ١٠٠٪ چاک کراوەتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدا نەماوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کۆمپانیای نەوتی باکوور کاری کردووە بۆ گۆڕینی پارچە زیانلێکەوتووەکان و لە ئێستادا ئامادەیە بۆ گواستنەوەی هەر بڕە نەوتێک کە وەزارەتی نەوتی عێراق دیاری کردبێت، بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

ئەوەش خراوەتە روو، بەرهەمی ئێستای کۆمپانیای نەوتی باکوور ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا، لەو ژمارەیەش ١٠ هەزار بەرمیل بۆ ئوردن هەناردە دەکرێت و زیاتر لە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیش دەدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان.













گەلەری