سەردێڕ:

لەماوەی ساڵێکدا؛ عێراق بەبەهای زیاتر لە ملیاریک دۆلار سەوزە و میوەی ئێرانیی هاوردە کردووە

AM:09:15:10/03/2024

864 جار خوێندراوەتەوە

وتەبیژی بازرگانی و هەناردەکردنی ئێران رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا تێکڕای بەهای هەناردەکردنی سەوزە و میوە لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە زیاتر بووە لە پێنج ملیار دۆلار. دەشڵێت، "عێراق لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی هاوردەکاری کاڵای ئێرانییە بە بەهای زیاتر لە ملیاریک دۆلار".


ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆحوڵا لەتیفی وتەبێژی بازرگانی و گەشەپێدانی هەناردەکردنی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایەگەیاند، تێکڕای هەناردەکردنی سەوزە و میوە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی ٦.٥٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەریەک لە وڵاتانی عێراق، روسیا، پاکستان، تورکیا و ئیماڕات و چەند وڵاتێکی تر بەبەهای پێنج ملیار و ٦٢٣ ملیۆن دۆلار سەوزە و میوەیان بۆ هەناردە کراوە.

باسی لەوەش کرد، عێراق لە پلەی یەکەمی هاوردەکارانی کاڵای ئێرانییە بۆناو وڵاتەکەی و بە تێکڕاش ئەو سەوزە و کەرەستە خۆراکیانەی هەناردەی عێراق کراوە بە بەهای یەک ملیار و ٧٨٤ ملیۆن دۆلاربووە. دەشڵێت، "پێشبینی دەکەین ئاستی هەناردەکردنی ئەمساڵ بەرزبێتەوە بۆ دوو ملیار دۆلار لەگەڵ عێراقدا".

ئەوەشی خستە روو، دیارترین دەروازەی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراقدا مەرزی پەروێزخانە کە رۆژانە هەزار تەنکەر و بارهەڵگر جوڵەی بازرگانیان هەیە کە بە تێکڕا ساڵانە بەبەهای زیاتر لە ملیاریک دۆلار جوڵەی بازرگانی تێدا دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، عەبدولواحید محەمەد جێگری رێکخەری کاروباری ئابووری دەروازەکانی ئێران - کوردستان رایگەیاند، جوڵەی بازرگان و گومرگ لە مەرزی پەروێزخانەوە بۆ عێراق بە رێژەی ٢٦٢.٣٪ زیادی کردووە.













گەلەری