PM:05:54:09/03/2024
844 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا ٣٠ هەزار و ٩٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٢ هەزار و ٥٢٤ کەسیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە ١٠ هێرش دژی دانیشتووانی کەرتی غەززە ئەنجامدراوە و بەوهۆیەوە ٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢٢ کەسیش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسڕائیلەوە تاوەکو ئێستا دەیان کەس لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن و سوپای ئیسڕائیلیش رێگری دەکات لە تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی بێسەروشوێن بوون.
ئەوەشی خستە روو، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە و لە ئەنجامی
هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تاوەکو ئێستا ٣٠ هەزار و ٩٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
و ٧٢ هەزار و ٥٢٤ کەسیش بریندار بوون، کە ٧٠٪ـی ئەو کەسانە منداڵ و ژنن.
بەرەبەیانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران
موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەشەوە جارێکی دیکە جەنگ لە نێوان سوپای
ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەڵگیرسایەوە.