سەردێڕ:

حەماس: بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسڕائیلەوە حەوت دیلی ئیسڕائیلی گیانیان لەدەستدا

PM:08:30:01/03/2024

1392 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، حەوت دیلی ئیسڕائیلی گیانیان لەدەستدا و بەمەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٠ دیل گیانیان لەدەستداوە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بۆردوومانەکانی ئیسڕائیل.


ئەمڕۆ هەینی، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە حەوت دیلی ئیسڕائیلی گیانیان لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە زیاتر لە ٧٠ دیلی ئیسڕائیلی لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل رایگەیاند، لە ئێستادا زووە بۆ باسکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماسدا و هیچ رێککەوتنێک بەمزوانە ناکرێت.

لای خۆشیەوە، میدیاکانی ئیسڕائیل بڵاویان کردەوە، شاندێکی ئیسرائیل بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەگەری رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان سەردانی قاهیرەیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی میسر کۆبوونەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئاگربەستی یەک هەفتەیی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا ٨٠ بارمتەی ئیسڕائیلی بەرامبەر بە ٢٤٠ بارمتەی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا ئازاد کران.

بەرەبەیانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەشەوە جارێکی دیکە جەنگ لە نێوان سوپای ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەڵگیرسایەوە.













گەلەری