سەردێڕ:

بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان؛ مانگێکی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا

PM:05:50:19/02/2024

1228 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئەسترۆسکەیلی یابانی رایگەیاند، سەرکەوتوو بوون لە هەڵدانی یەکەم مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان بە مەبەستی کۆکردنەوەی پاشماوەی مانگێکی دەستکردی دیکە لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی.


ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیای ئەسترۆسکەیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، یەکەم مانگی دەستکردیان رەوانەی دەرەوەی بەرگە هەوای زەوی کردووە بە ناوی( ئەدرەس-جەی)بە مەبەستی ئەوەی پاشماوە و پارچە شکاوەکانی مانگێکی دەستکرد لە بۆشایی ئاسماندا پاک بکەنەوە .

وتیشی،" مانگە دەستکردەکەمان ئامادەیە بۆ ئەوەی دەستبکات بە ئەنجامدانی ئەرکەکەی".

ئاماژەی بەوەش کردووە، مانەوەی ئەو پاشماوانە لە بەرگەهەوادا دەکرێت لە داهاتوو مەترسیداربێت بۆ مرۆڤایەتی و زیانیان هەبێت.

دەشڵێت. " ١ ساڵ پێش ئێستا مانگێکی دەستکردیان رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە، بەڵام لە ئێستادا بە تەواوەی لەکارکەوتووە، دەمانەوێت پارچەکانی بگەڕێنینەوە بۆ زەوی".

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەمە مانگە دەستکردە هەنگاوی یەکەمیانە و لە داهاتوودا پەرە بەکارەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین پاشماوە و پارچەی مانگە دەستکردەکانی دیکە کۆبنکەوە بۆ ئەوەی دووبارە سودیان لێ ببینەوە.

مانگە دەستکردەکان بە هاوسەنگی لە خوولگەیەکدا لە نێوان بۆشایی ئاسمان و هێزی کێشکردنی زەویدا دەمێننەوە، ئەوەش وا دەکات جێگیرببن و لە کاتی تێکشاندن و لە کارکەوتنیاندا پارچەکانیان لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی بمێنتەوە بۆ ساڵانێکی زۆر.

لە ٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧ یەکێتی سۆڤیەت یەکەم مانگی دەستکردی بە ناوی سپۆتنیکی یەکەم رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد.

لەو کاتەوە بە هەزاران مانگی دەستکردی دیکە رەوانەی بۆشایی ئاسمانکراون و هەر یەکێکیان چەندین پارچە و پاشماوەی لێ جیا بووەتەوە.













گەلەری