سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماری نوێ لەسەر بومەلەرزەکەی ٦ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ دەخاتە روو

PM:11:54:02/02/2024

1504 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە ئاماری گیانلەدەستدانی ئەو بومەلەرزەیەی ٦ـی شوباتی ساڵی رابردوو روویدا رایگەیاند، بەگوێرەی نوێترین ئامار نزیکەی ٥٤ هەزار کەس لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠٨ هەزار کەسیش برینداربوون.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، رۆژی ٦ـی شوباتی ساڵی رابردوو لە ١١ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژهەڵات و باکووری سوریا بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلە و ٧.٥ پلەی رێختەر روویدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە پشتبەستن بە دوایین ئامارەکان ٥٣ هەزار و ٥٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٧ هەزار و ٢١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.

دەشڵێت، " پێشبینی دەکرێت ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتر ببێتەوە بەهۆی ئەوەی هێشتا بەشێک لە بریندارەکان ژیانیان لە مەترسیدایە و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە".

هاوکات بەپێی وتەی زاناکان، گوڕی بومەلەرزەیەک ئەگەر ٦.٩ پلەبێت بەپێی پێوەری رێختەر ئەوا لەتوانایدایە مەودای یەک مەتر چینە تەکتۆنییەکانی زەوییەکە بجوڵێنێت بەڵام بومەلەرزەکەی تورکیا چینە تەکتۆنییەکەی ئەو خاکەی سێ مەتر بەرەو ئاڕاستەی رۆژئاوای وڵاتەکە جوڵەپێکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٦ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ بومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی ٧.٨ پلە و ٧.٥ پلەی رێختەر تورکیا و سوریا و بەشێکی رۆژئاوا و باکوری کوردستانی هەژاند کە ژمارەیەکی زۆر گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە جگە لەوەی چەندین باڵەخانە رووخان و زیان بە شوێنەگشتییەکان کەوت کە زیانەکانیش بە زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن.













گەلەری