سەردێڕ:

ئەمریکا: ژمارەی هێزەکانمان لە عێراق و سوریا کەمناکەینەوە

PM:01:27:25/01/2024

2132 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ پلانێکیان نییە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هێزانەیان کە لە عێراق و سوریا جێگیر کراون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە گۆڤاری فۆڕن پۆڵەسی راگەیاند، گفتوگۆ کراوە لەبارەی کەمکردنەوە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، بەڵام هیچ پلانێک و هیچ کاتێک بۆ ئەو مەبەستە دیاری نەکراوە.

فۆرن پۆڵەسی باسی لەوەش کردووە، کۆشکی سپی گرنگی بە ئەرکی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا نادات و دەیەوێت بریاری یەکلایکەرەوە لەبارەی کات و چۆنییەتی کشانەوەی هێزەکانی لەو دوو وڵاتە بدات، لە کاتێکدا ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق و ٩٠٠ سەربازی دیکەی لە سوریا جێگیر کردووە.

شەوی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەلایەن ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نامەیەکی ئەمریکا پێشکەش بە عێراق کراوە دواتر، چەند چاوگێک لە حکومەتی عێراق باسیان لەوە کرد، ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی ئەمریکا کە ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی کردووە، دەستپێشخەری ئەمریکا و عێراقە بۆ دانوستانکردن سەبارەت بە کۆتاییهێنانی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمریکا دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە، پێشتر وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا رایانگەیاند، مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراقە بۆ پێدانی راوێژی سەربازی بە هێزەکانی عێراق و هاوکاریکردنیان لە رێگرکردنی سەرهەڵدانەوەی گروپە چەکدارەکان لەو وڵاتە.













گەلەری