سەردێڕ:

بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان؛ یەکێتی ئەوروپا هێزی دەریایی ئاڕاستەی دەریای سوور دەکات

PM:05:34:12/01/2024

1528 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی ئەوروپا لەپێناو پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووردا لە هێرشی حوسییەکان، دەستیکردووە بە ناردنی هێزی دەریایی بۆ دەریایی سوور.


ئەمڕۆ هەینی، دیپۆلۆماتکارێکی ئەوروپی بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی دەستیکردووە بە ناردنی هێزێکی دەریایی بۆ دەریای سوور بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە هێرشەکانی حوسییەکان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێزە کەشتی سەربازی و فڕۆکەی ئاگادار کردنەوە لە هێرشی پێش وەختە لەخۆدەگرێت کە ئەرکیان ئاگادار کردنەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەیە کە ئاڕاستەی کەشتییە بازرگانییەکان دەکرێت.

ئەوەشی خستە روو، ماوەی چەند هەفتەیەک دەخایەنێت تاوەکو هێزی دەریایی ئەوروپا بەبێ کێشە ئامادە بکرێت و رەوانەی دەریای سوور بکرێت.

لای خۆشیەوە، ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، هێزی دەریایی بەریتانیا بەردەوامە لە گەڕان بە دەریای سووردا بۆ رێگریکردن لە هێرشی زیاتری حوسییەکان.

هەفتەی رابردوو، ١٢ وڵات بە رابەرایەتی ئەمەریکا هۆشدارییان بە حوسییەکان دا کە رووبەڕووی دەرئەنجامەکان دەبنەوە ئەگەر بەردەوام بن لە بە ئامانج گرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور کە یەکێکە لە گرنگترین رێگا ئاوییەکانی جیهان بۆ بازرگانی جیهانی.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا حوسییەکان زیاتر لە ٢٥ جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا بە گومانی ئەوەی ئەو کەشتییانە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبێت.













گەلەری