سەردێڕ:

دوایین ئامار و پێشهاتەکانی جەنگی فەڵەستین و ئیسرائیل چین؟

AM:09:50:11/01/2024

1276 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە نزیکی ٢٤ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. تەندروستی ئیسرائیلیش دەڵێت، ''ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئیسرائیل هەزار و ٥٠٠ کەسی تێپەڕاندووە."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ماوەی دوو مانگە هێرشە موشەکیەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆسەر کەرتی غەززە و لە ئەنجامیشدا ٢٣ هەزار و ٣٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و تا دێت ژمارەی گیانلەدەستدانیش روو لە زیادبوون دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان پاش تێپەڕبوونی ٩٦ رۆژ بەسەر جەنگەکەدا ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە ٥٩ هەزار و ٤١٠ کەس کە بەرامبەرە بە ٤٪ی تێکڕای دانیشتووانی فەڵەستین. دەشڵێت، "زیاتر لە ١٨٠ هەزار و ٣٠٠ کەس دووچاری نەخۆشی گواستراوە بوونەتەوە و دۆخییان ناجێگیرە".

هاوکات تەندروستی فەڵەستین ئەوەشی خستەروو، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی ١٤ هێرشی موشەکی ١٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٤٣ کەسیش برینداربوون و چەندین کەسی دیکەش لە ژێر بەرد و تەڵانی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە کە نازاندرێت ئایا بریندارن یاخود گیانیان لەدەستداوە.

لە چەند رۆژی رابردووشدا وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بەهۆی هێرشەکانی بزوتنەوەی حەماسەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٥١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار وو ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.

بۆماوەی ٩٣ رۆژە جەنگ لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل هەڵگیرساوە، بە هۆکاری ئەوەی بزوتنەوەی حەماس لە بەرەبەیانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.













گەلەری