سەردێڕ:

عێراق سێیەم گەورەترین هاوردەکاری تورکیایە

PM:12:54:07/01/2024

4900 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا عێراق بە بڕی زیاتر لە ١١ ملیار کاڵای لە تورکیاوە هاوردەکردووە و پلەی سێیەمی لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەدا گرتووە کە زۆرترین هاوردەکارییان لە تورکیاوە کردووە.


ئەمڕۆ شەممە، دەستەی ئاماری تورکیا لە ئامارێکدا بڵاویکردەوە، عێراق لە پلەی سێیەمدا دێت لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین شتومەکیان لە تورکیا هاوردەکردووە لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی رابردوودا.

لە ئامارەکەدا باس لەوەش کراوە، لەو ماوەیەدا عێراق بڕی ١١ ملیار و ٥٣٤ ملیۆن و ٥١٠ هەزار دۆلار شتوومەکی لە تورکیاوە هاوردەکردووە و رێژەی هاوردەکردن بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، ٨.٥٪ دابەزیوە کە لەو ساڵەدا رێژەکە بڕی زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار بووە.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەڵمانیا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە زۆرترین کاڵایان لە تورکیا هاوردەکردووە کە بە بڕی زیاتر لە ١٩ ملیار دۆلار شتومەکی لە تورکیاوە هاوردەکردووە و دوای ئەویش لە پلەی دووەم ئەمریکا دێت کە بە بڕی زیاتر لە ١٣ ملیار دۆلار هاوردەکاری لە تورکیاوە کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، نرخی داهاتی تورکیا لە هەناردەکردن لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە ٢٣٢ ملیار و ٨١٠ ملیۆن و ٣٦٦ هەزار دۆلار.













گەلەری