سەردێڕ:

وێنە.. لە هەولێر بەهۆی تەقینی غازەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون

PM:02:01:06/01/2024

4996 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، دوو رۆژ پێش ئێستا لە ماڵێکدا لە هەولێر بەهۆی تەقینی غاز سێ کەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران، بەڵام پاش دوو رۆژ لە رووداوەکە یەکێک لە بریندارەکان کە پیاوێکی تەمەن ٧٦ ساڵ بوو گیانی لەدەستدا.


ئەمڕۆ شەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، بەهۆی دوو رۆژ پێش ئێستا رووداوێکی تەقینی غاز لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون و ئەمڕۆ یەکێک لەو کەسانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئەوەشی خستە روو، رووداوەکە بەهۆی لێچوونی غازەوە روویداوە و بە جۆرێک بووە، کە پیاوە تەمەن ٧٦ ساڵەکە ویستوویەتی کار بە ماتۆڕی ئاو بکات، نەیزانیوە غازی ماڵەکە بەردراوەتەوە و لە شوێنەکەدا قەتیس بووە، لەگەڵ ئیشپێکردنی ماتۆڕەکەدا ئاگر دروستبووە و بەهۆیەوە سێ کەس لە ماڵەکەدا برینداربوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوو کەس لە بریندارەکان ژن بوون کە برینەکانیان سەخت نەبووە و لە نەخۆشخانەدا نەماونەتەوە، بەڵام بریندارەکەی دیکە پیاوێکی تەمەن ٧٦ ساڵ بووە کە برینەکانی سەخت بوون و رێژەی سووتانەکەی ٪٨٢ بووە، دوای دوو رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

هەر درەنگانی شەوی رابردووش لە حەویجە، بەهۆی لێچوونی غاز و دواتر تەقینەوە، دوو خوشک گیانیان لەدەستدا.

ئومێد چۆمانی، هەولێر













گەلەری